زانکۆی سلێمانی لەسەر ئاستی زانکۆکانی ھەرێم پلەی یەکەمی بەدەستھێنایەوە
کوردسات نیوز
٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣
بەپێی نوێترین ریزبەندی پێگەی (وێبۆمیتریکیس) بۆ ساڵی ٢٠٢٣، بۆ جارێکی تر زانکۆی سلێمانی لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان پلەی یەکەمی بەدەستھێناوەتەوە و لەسەر ئاستی زانکۆکانی عیراقیش لە پلەی پێنجەمدایە و لەسەر ئاستی جیھانیش چەندین پلە چۆتە پێشەوە، کە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو ئاستی بەرزبووەتەوە.
ئەم لیستە نوێیەی پێگەکە پشتی بە زۆری سایتەیشتنی مامۆستایانی زانکۆکان بەستووە و تێیدا ھاتووە، لە ٢٠٢٣ دا مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی ٤٥ ھەزار و ٢٣١ سایتەیشتنیان ھەبووە.
سایتەیشن واتە مامۆستایانی ئەو زانکۆیە توێژینەوەکانیان لەو ساڵەدا زۆرترین گەڕانی بۆ کراوە و توێژەرانی تر وەکو سەرچاوە بەکاریانھێناوە.
ریزبەندی وێبۆمیتریکیس لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای توێژینەوەی زانستی کە سەر بە وەزارەتی خوێندن و توێژینەوەی ئیسپانیایە لە رێگەی تیمێکی پسپۆرەوە ئەنجام دەدرێت.