بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی سلێمانی رونکردنەوەیەکی لەبارەی کامێراکانی پۆینت تو پۆینت بڵاوکردەوە و رایگەیاندوە، ھەندێک پەیج و میدیا بە ئەنقەست ھاوڵاتیانیان بە ھەڵە لەشێوازی کارکردنی کامێراکانی پۆینت تو پۆینت تێگەیاندووە، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ یاخود  پۆینت تو پۆینت و تەنھا لەرێگاوبانەکانی دەرەوەی شار کاری پێ دەکرێت لە کارکردنی کامێرای خێرایی لەناو شاری سلێمانی پەیڕەو ناکرێت.

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو کامێرایانەی ئێستا لە قۆناغی دانانن لە زۆرینەی شەقامە سەرەکی و گۆڕەپان و گەڕەکەکانی ناوشاری سلێمانی بەھیچ جۆرێک پەیوەندی بەھاتوچۆ و بواری خێرایی و شۆفێرییەوە نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی باری ئەمنی و ئاسایشی شاری سلێمانییە.

ھاتوچۆی سلێمانی جەختیشیکردوەتەوە، کارکردنی کامێراکانی خێرایی بەپێی گرێبەستی نێوان وەزارەتی ناوخۆ و کۆمپانیای ئێرلی فیوچەر دانانی ٢٢٥ کامێرای چاودێری خێراییە لەو جێگایانەی کە پێویستە لە سنوری رێگاوبانەکانی دەرەوی شار.