لە رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران ٤٨٨ خۆپیشاندەر کوژراون کە ٦٤یان منداڵن
٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا بڵاویکردەوە، لە میانی خۆپیشاندانەکانی چوار مانگی رابردوودا ٤٨٨ کەس کوژراون کە لانیکەم ٦٤یان منداڵ و مێردمنداڵی ژێر ١٨ ساڵن، زۆربەشیان لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و پارێزگای سیستان و بەلوچستان بوون.
ئاماژە بەوەشکراوە، ١٠٧ خۆپیشاندەر مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە و ١٩یان سزاکەیان بەسەردا سەپێنراوە، تا ئێستاش چوار خۆپیشاندەر لەسێدارەدراون.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران راشیگەیاندووە، لە ٢٦ رۆژی رابردوودا لانیکەم ٥٥ کەس لە ئێران بە تۆمەتی جۆاروجۆر لەسێدارەدراون کە ٣٧یان لە پەیوەندی بە ماددە ھۆشبەرەکان لەسێدارەدروان، ئامانج لە جێبەجێکردنی ئەو سزایانەیەش ترساندنی خۆپیشاندەرانە.