دادوەر ڕزگار محەمەد ئەمین ئەندامی پێشووی دادگای تێھەڵچوونەوەی ھەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، لەسەر بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی ناردنی ٤٠٠ ملیار دینارەکە بۆ ھەرێمی کوردستان، پێویستبوو دوو ئەندامە کوردەکەی دادگای باڵای فیدراڵی ھەڵوێستیان ھەبووایە، لانیکەم بە چوونەدەرەوە لە کۆبوونەوەکە، چونکە بابەتەکە تەنھا یاسایی نییە،‌ بەڵکو پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە ھەیە و بێشبەشکردنی خەڵکیش لە ھەرێمێک یان ھەر شوێنێکی تری عێراق لە بودجە، نە دەستوورییە و نە لەگەڵ مافەکانی مرۆڤیش دەگونجێت.

وتیشی، لە بنەڕەتدا یاسای دادگای فیدراڵی یاسایەکی نادەستورییە،‌ چونکە بەپێی ماددەی (٩٢) بڕگەی (٢) لەدەستوری عێراق دادگاکە پێکنەھاتووە و لەسەرەتاشەوە لێپرسراوانی کورد درکیان بە بایەخی ئەو دادگایە نەکردووە لەسەر داھاتووی بڕیاردان لە عێراقدا.