پەرلەمانی کوردستان داوادەکات ئەو بڕیارانەی دژی ھەرێم دەرکراون ھەڵبوەشێندرێنەوە
لاڤە
٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣
پەرلەمانی کوردستان لەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی رایگەیاند، جارێکی دیکە دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاری لە دژی مافەکانی خەڵکی کوردستان دەرکرد و ئومێدی رێککەوتن و ھەماھەنگی زیاتری نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدراڵی زۆر کەمکردەوە و بووە سەرەتای گرژکردنەوەی ناکۆکییەکان.
راشیگەیاند، ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی کاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لەسەر ژیان و قووتی فەرمانبەران و سەرجەم خەڵکی کوردستان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان. دەشڵێت، کاریگەریی خراپیش دەکاتە سەر ئەو نزیکبوونەوە و لیکتێگەیشتنانەی لەنێوان ھەولێر و بەغداد ھاتبوونە ئاراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بڕیارە دەبێتە ھۆکارێک بۆ فرانبوونی درزی نێوان رێککەوتن و پێکھاتنی سەرجەم پێکھاتەکانی عێراق و لەبری نزیککردنەوەی ھاووڵاتیان و ھێزە سیاسییەکان، زیاتر لە یەکیان دووردەخاتەوە و کێشە و ناکۆکی و ئاستەنگەکانی عێراقیش زیاد دەکات.