حسێن تاڵب بەرێوەبەری گشتی دابەشکردنی سوتەمەنی لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە رۆژی شەممەوە دەست بەھەناردەکردنی ئەو بڕە نەوتە دەکەن کە دەستنیشان کراوە بۆ پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان. 

وتیشی، لەسەر راسپاردەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بە بڕیاری وەزیری نەوتی عێراق دەستدەکرێت بەناردنی نەوت بۆ خەڵکی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان کە لە ٦٠ تەنکەر نەوتی سپی پێکھاتووە. 

پێشتریش وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، حکومەتی عێراق کاروانێکی ٦٠ تانکەر بە بڕی دوو ملیۆن لیتر نەوتی سپی دەنێرێت، کە بە ھەماھەنگی لەگەڵ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکاندا بێبەرامبەر دابەش دەکرێت، کە ٣٠ تانکەر بۆ ھەولێر و دھۆک و ھەردوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆیە، ھەروەھا ٣٠ تانکەر بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ھەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین دەبێت.