محەمەد رەزا عەباسی جێگری بەڕێوەبەری گەشەپێدانی بازرگانی لە پارێزگای کرماشان رایگەیاند، بەوپێیەی ھەرێمی کوردستان لە ئێستادا پێویستی بە خۆراک و بە تایبەتیش مریشک و ھێلکە ھەیە و ھەناردەکردنی ئەو کاڵایانەش لە وڵاتانی دیکەوە تێچوویەکی زیاتری دەوێت، ئامادەن لە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخانەوە ئەو کاڵایانە ھەناردەی ھەرێم بکەن.

وتیشی، پارێزگای کرماشان خاوەنی ٦٠٠ کێڵگەی پەلەوەرییە کە رۆژانە ٢٠٠ تۆن مریشک بەرھەمدەھێنن، لەو رێژەیەش کرماشان رۆژانە تەنھا پێویستی بە ٨٠ بۆ ١٠٠ تۆنە و ئەوەی تری دەتوانرێت ھەناردە بکرێت.

ھاوکات قاسم موتەلیبی بەڕێوەبەری گشتی گومرگی پەروێزخانیش رایگەیاند، لە ٢١ی٣ی ٢٠٢٢ەوە، بە بەھای ٧٢٤ ملیۆن دۆلار کاڵا لە پەروێزخانەوە ھەناردەی ھەرێمی کوردستان و عێراق کراوە کە زۆربەیان میوە و کەرەستەی بیناسازی بوون.