لەماوەی شەش ساڵدا ٧٨ ملیار دۆلار لە ٤٨ بانکەوە براوەتە دەرەوەی عێراق
٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣
ھەریەک لە سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، شێوازێکی مەترسیداری سپیکردنەوەی پارە لەڕێگەی بانکە ئەھلیەکانی عێراقەوە ئەنجامدراوە، لەماوەی شەش ساڵدا ٧٨ ملیار دۆلار لە ٤٨ بانکەوە نێردراوە، بەبێ ئەوەی ناوی ئەو کەسانە تۆمارکرابێت کە پارەکەیان نادرۆتە دەرەوەی عێراق، چوار لەو بانکانەش لە ھەرێمی کوردستانن.
لە بەشێکی راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، لە ساڵی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٤ نزیکەی ١٢٨ ھەزار و ١٦٥ حەواڵە بۆ دەرەوەی عێراق ئەنجامدراوە، کە بڕی پارەکە ٢٠٩ ملیار و ٩٩٩ ملیۆن دۆلار بووە، لە کۆی ئەو حەواڵەیە ١٩ ھەزار و ٩٣ حەواڵەی کەس نازانێ کێ ناردویەتیە دەرەوەی عێراق، بڕی پارەکەش ٧٨ ملیار و ٥٨٣ ملیۆن دۆلارە.
جەخت لەوەشکراوەتەوە، ئەو ٧٨ ملیار دۆلارە، ناوی کەسی لەسەر نەبووە و حەواڵە کراوە و لەڕێگەی ٤٨ بانکەوە براوەتە دەرەوەی وڵات، بەشێکی ئەو بانکانەش لقیان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، کە بڕی ١٠ ملیار و ٧٨١ ملیۆن دۆلاری لەڕێگەی چوار بانکی ھەرێمەوە حەواڵە کراوە.


