بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئۆکرانیا شەپۆلێک هێرشی بەربڵاوی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی مۆسکۆی پایتەختی روسیا ئەنجامدا، ئەمەش وەک بەردەوامییەک بۆ بەئامانجگرتنی کەرتی وزەی روسیا.

سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ لە زنجیرە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تێلێگرام" رایگەیاند؛ سیستەمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی روبەڕووی 180درۆن بووەتەوە کە لە پایتەخت نزیک دەبوونەوە، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە ژمارەیەک لەو درۆنانە توانیویانە پاڵاوگەیەکی نەوت بپێکن لەو هێرشەدا کە بە هێرشێکی "مەزن و گەورە" وەسفی کرد. ئەمەش دووەمجارە لەم هەفتەیەدا کە ئەو پاڵاوگەیە دەکرێتە ئامانج.

لای خۆشییەوە، ئەندرێی ڤۆرۆبیۆف، پارێزگاری ناوچەی مۆسکۆ رایگەیاند، پاشماوەی یەکێک لە درۆنە تێکشکێنراوەکان بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە ناوەندێکی بازرگانیدا لە باشوری رۆژهەڵاتی مۆسکۆ، هەروەها درۆنێکی تر کێشاوێتی بە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبووندا لە شاری "ژوکۆڤسکی"، کە زیانی بە بەشێک لە پەیژەی فریاکەوتنی باڵەخانەکە گەیاندووە.