قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لەھەولێر لەگەڵ ئیریک شۆڤالیێ باڵیۆزی فەرەنسا و مارتین یێگەر باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق کۆبوەوە و  جەختی لە گرنگیی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی بێگەرد لە ھەرێمی کوردستان کردەوە بەڕەچاوکردنی تێبینییەکانی لایەنە سیاسییەکان و ماف و پێگەی ھەموو پێکھاتەکان.

لە کۆبونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی سبە گرفتە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان و ھەنگاوەکانی قۆناغی داھاتوو بۆ چارەسەری ئەو گرفتانە کردو جەختی کردەوە، دەبێت کێشەکان بەگفتوگۆ چارەسەر بکرێن لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانیش لەگەڵ عێراق رایگەیاند، تێگەیشتنی باش ھەیە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان لەگەڵ حکومەتەکەی سودانی و چاوەڕێن ئەوەش لەیاسای بوودجەی ٢٠٢٣ رەنگدانەوەی ھەبێت و بە رێککەوتن لەگەڵ بەغداد کۆی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکرێن.

ھاوکات سەبارەت بە پرسی ووزە و نەوت و غاز راشیگەیاند، ئەو پرسە نیشتمانییە و دەبێت سازانی لەسەر بێت تا سامان و داھاتی وڵات بۆ خۆشگوزەرانی خەڵک بەکار بێت.