سەرۆک بافڵ لە پەیامەکەیدا رایگەیاندوە، لە ماوەی رابردوودا بەھۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە ھەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سیاسی و ئابووریی ئاڵۆزدا تێپەڕی و کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکە خۆشەویستەکەمان بەجێھێشت. ئەمەش خواستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەبووە و  لەپێناو ژیانی خەڵک و پاراستنی ھەرێمەکەیان دەیانەوێت ھەنگاوی دیبلۆماسی و بونیادنەرانە بنێین و سیاسەت ئامرازێک بێت بۆ خزمەتکردنی خەڵک نەوەک ترازان و دوورکەوتنەوە. 

ئاماژەی بەوەشداوە، بەھەمووشێوەیەک دژی ناکۆکی و دووبەرەکی وەستاوینەتەوە. یەکێتی دەیەوێت لەپێناو گوزەرانی خەڵک و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە، دۆخەکە بەرەو ئارامی و ئاشتەوایی ببات و دەرگایان بۆ ھەموو ھێز و لایەنێک کراوەیە کە دەیەوێت بە رۆحێکی کوردانە و دوور لە بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی کار بۆ چارەسەرکردنی بنچینەیی کێشەکان بکات. 

‏‎سەرۆکی یەکێتی دەڵێت، پێویستە تێبگەن سیاسەت بە عینادی و ناوزڕاندن ناکرێت و بەرپرسیارێتی گەورەیان بەرامبەر خاک و خەڵکەکەمان لەسەر شانە. دۆخی ئەمڕۆی ھەرێم نەخوازراوە و سیاسەت بەمشێوەیە خزمەت بە ھیچ کەسێک ناکات و دروستکردنی پشێوی و ھەڵای میدیایی ھەرگیز ھۆکارێک نەبووە بۆ دڵخۆشکردنی خەڵک، بەڵکو ئامرازێک بووە بۆ نائومێدکردنیان لە کۆی ھێزە سیاسییەکان و پرۆسەی حوکمڕانی لە وڵاتدا.