سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، ھەرێمی کوردستان لەبەردەم رەوشێکی ناڕوون و کۆمەڵێک ئاڵنگاریدایە، ئەمڕۆ زیاتر لە ھەر کاتێک، پێویستیان بە یەکگرتوویی و ھاوکاریی نێوان ھەموو لایەنەکان، بەتایبەتیش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، ھەیە کە پێکەوە دواڕۆژی ئەم ھەرێمەیان لە دەستدایە.

ھاوکات داوا لە ھەموو ھێزە سیاسییەکان دەکات جیاوازییەکانیان بەلاوە بنێن و بە سنگێکی فراوانەوە کێشەکانیان لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێکگەیشتنەوە چارەسەر بکەن. ئەوەی کۆیاندەکاتەوە زۆر گەورەترە لەوەی لە یەکترییان جیادەکاتەوە.

جەخت لەوەشدەکاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانن سەقامگیری و یەکڕیزی جێگیر بکەنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بەرژەوەندییەکانی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بپارێزین و پەرەیان پێ بدەن، پێویستە ھەمووان بە بەرپرسیارییەتەوە ھەنگاو بنێن.