بێگەرد تاڵەبانی لە پەیجی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەیاندا بڕیاردرا لەسەر دیراسەکردنی بابەتی دانانی باج لەسەر مریشکی ھاوردە و ئاراستەکردنی نوسراوێک بۆ وەزارەتی دارایی بە مەبەستی جەختکردنەوە لەوەی بەھیچ شێوەیەک رێگەنەدرێت بە ھاوردەکردنی ھێلکەی تروکاندن.

ھەروەھا بڕیاردرا کە کۆبونەوەیەک لەگەڵ کۆمپانیای دانا غازئەنجامبدرێت بەمەبەستی دابینکردنی غازی پێویست بۆ پڕۆژە پەلەوەرییەکان و ئاراستەکردنی نوسراوێک بۆ وەزارەتی ناوخۆ بۆ کاراکردنەوەی لیژنەکانی دیاریکردنی بەروبوومەکان لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، یەکێکی تر لە بڕیارەکان بریتییە لە دیراسەکردنی تایبەت بە دروستکردنی پڕۆژە پەلەوەریەکانی گۆشت تاوەکو لە داھاتوودا بەپێی پلان پڕۆژەکانی پەلەوەری گۆشت دروستبکرێت. 

 ھەروەھا بڕیاردرا لە داھاتوویەکی نزیکدا تیمێک بەسەرپەرشتی وەزارەتی کشتوکاڵ سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی فیداڵ بکات بەمەبەستی جارێکی تر کارکردنەوەی ئەو یاداشتی (لێکتێگەیشتننامەی) کە لەنێوان ھەر دوو وەزارەت ھەیە.

جگەلەوەش بڕیاردرا دیراسەی بڕیاری دامەزراندنی سەرپەرشتیاران بۆ سەرپەرشتیکردنی پڕۆژە پەلەوەریەکان بکرێت و جارێکیتریش لەگەڵ وەزارەتی دارایی ھاوکاری و ھەماھەنگی بکرێت بە مەبەستی لێخۆشبوونی گومرگی.