عراقچی بۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا: فرمێسکی تیمساح بۆ ئێران مەڕێژە
سەوسەن سەید
١٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، وەڵامی لێدوانەکانی جان نۆئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسای لەبارەی رەوشی ناوخۆی ئێران دایەوە و مێژوی فەرەنسای لە جەزائیر بەبیری هێنایەوە و پێی راگەیاند: بەسیەتی فرمێسکی تیمساح.
عراقچی لە پەیامێکدا بۆ بارۆ ئاماژەی بەوە کرد: لە کاتی جەنگی سەربەخۆیی جەزائیردا ملیۆنێک و 500 هەزار جەزائیری بە دەستی فەرەنسا کوژراون، بەڵام پاریس تاوەکو ئێستاش رەتیدەکاتەوە داوای لێبوردن لە تاوانەکانی بکات.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیویەتی: جەنابی بارۆ، بەسیەتی فرمێسکی تیمساح! بێدەنگیتان لە بەرانبەر ئەو کۆمەڵکوژییەی ئەمریکا دژ بە منداڵانی قوتابیمان ئەنجامی دا، وەڵامی سەرجەم قسەکانتان دەداتەوە.
ئەم وەڵامەی عێراقچی دوای ئەوە هات کە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەبارەی رەوشی ناوخۆیی ئێرانەوە رایگەیاندبوو: دەبێت ئێرانییەکان مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیانیان بە سەربەستی هەبێت و رێز لە مافە سەرەتاییەکانیان بگیرێت.


