فەھمی بورھان، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سەرۆک بافڵ رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر رێکخستنی کۆنفرانسێکی تایبەت بە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان و بڕیارە کۆنفرانسەکە لە داھاتوویەکی نزیکدا رێکبخرێت، تاوەکو نەخشەڕێگەیەک بۆ خزمەتکردنی زیاتری شارەکە و چارەسەری کێشەکان دابنرێت.

وتیشی، بڕیارە راپۆرتێکی گشتگیر لەسەر دۆخی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان ئامادەبکرێت و بخرێتە بەردەم مەکتەبی سیاسی، تاوەکو لە کۆبوونەوەکەدا میکانیزمێک ئامادەبکرێت بۆ رێکخستنەوەی دۆخی سیاسی و ئیداری کەرکوک و ناوچەکە.

فەھمی بورھان ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە کۆنفرانسەدا بە وردی پەنجە دەخرێتە سەر لایەنە ھەمەجۆرەکانی کەرکوک و ناوچەکان و لێکەوتەکانی ئەو دۆخە نەخوازراوانەی کە بەرۆکی ئەو ناوچانەی گرتووە و خودی کۆنفرانسەکەش بایەخپێدانی یەکێتییە بە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکان و زاڵکردنی برایەتی پێکھاتەکانە لە کەرکوک کە شارێکی کوردستانییە وەک ناسنامە و دەبێت مافی پێکھاتەکانیش پارێزراو بێت و شاری پێکەوەژیان بێت.