ھیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە چەند شارێک راھێنانەکان دەستیان پێکردووە و لەم ھەفتەیەوە بە چەند قۆناغێک بە فراوانتر لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەستدەکرێت بە ئەنجامدانی ڕاھێنان بە ئەو ١١ ھەزار دەرچووەی زانکۆ و پەیمانگاکان کە فۆڕمیان پڕکردووەتەوە و بڕیارە لە کەرتی تایبەت بۆ سەرپەرشتیکردنی پڕۆژە کشتوکاڵییەکانیان دابمەزرێن.

رۆژی ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ وەزارەتی کشتوکاڵ فۆڕمێکی بۆ دامەزراندنی پێنج ھەزار دەرچووی کۆلێژەکانی کشتوکاڵ و ڤێتێرنەری لە ھەرێمی کوردستان راگەیاند، بەڵام زیاتر لە ١١ ھەزار کەس ئەو فۆڕمەیان پڕکردەوە. لەوبارەیەوە وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکرای کرد، زیاتر لەو پێنج ھەزار کەسە دادەمەزرێن کە پێشتر رایانگەیاندووە.