پۆلیسی سلێمانی تۆمەتبارێکی دەستگیر کرد
کوردسات نیوز
٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی کچێک سکاڵای لەسەر تۆمەتبارێک تۆمارکرد، کە بە فێڵ پارەی لێوەرگرتووە، ھێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکردوو دوای گەڕان و بەدواداچوونەکان توانرا لەماوەی کەمتر لە ٢٤ سەعات تۆمەتبار لە شاری ھەولێرەوە بھێنرێتە سلێمانی و لەلایەن بنکەی پۆلیسی ڕزگارییەوە دەستگیربکرێت و بەشێک لەپارەکانیش دەستیبەسەردابگیرێت .
ئاشکراشیکردووە، ئەو تۆمەتبارە کچەکەی لە رێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە ناسیوە و بڕی ١٥ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دیناری لە کچەکە وەرگرتووە.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا تۆمەتبار (م، ف، ع لەدایکبووی ٢٠٠٣، دانیشتووی ھەولێر-سەیدئاوا) بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ٤٥٢ لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە .