دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، دەستەکەیان بە تووندی ئیدانەی ئەو تاوانە دەکات کە رۆژی ھەینی لە گەڕەکی موفتی شاری ھەولێر، کچێکی پانزە ساڵان بەدەستی باوکی کوژرا. داواش لە ھێزە ئەمنییەکان دەکات، ھەوڵەکانیان چڕتر بکەن بۆ ئەوی بە زووترین کات تاوانبارەکە دەستگیر بکەن، بۆ ئەوەی بگات بە سزای یاسایی خۆی.

ھاوکات سیامەند عەبدولقادر، پارێزەری کەیسی ئەو خێزانەی کچەکەیان لەلایەن باوکیەوە کوژرا لە ھەژماری خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی، ماوەی دوو مانگە دادوەری لێکۆڵینەوە بە تۆمەتی کوشتن فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبار دەرکردووە، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار کەمتەرخەم بوون و دەستگیریان نەکرد تا کچە ١٥ ساڵانەکەی خۆی کوشت.