وەزارەتی دارایی ھەرێم بڕیاریدا سەرجەم دۆسییەی خانەنشینانی سلێمانی بەدیجیتاڵی بکرێت
ڕێبوار
٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣
وەزارەتی دارایی ھەرێم لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی ھەوڵەکان بۆ بەجێگەیاندنی دۆسییەی شەفافیەت لە داھات و خەرجی و ڕێکخستنەوەی ئیشوکارە بانکییەکانی سلێمانی و بەئەلیکترۆنی کردنی موچەی خانەنشینان و دیجیتاڵکردنی دۆسییەکانیان، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری سەردانی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سلێمانی کردوو بڕیایدا بینای بەڕێوەبەرایەتییەکە بە تەواوی تەرخان بکرێت بۆ خانەنشینی و کاربکرێت بۆ کارئاسانی مامەڵە و سەردانی خانەنشینان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ھەروەھا وەزیری دارایی بڕیاریدا ھەریەک لە بانکی باخان و بانکی کوردسات تێکەڵ بکرێن و لە چوارچێوەی یەک بانکدا ئیشوکارەکانیان ڕێکبخرێتەوە و سەرجەم دۆسییەی خانەنشینان بەدیجیتاڵی بکرێت و شێوازی نوێ لە ئەرشیفکردنی دۆسیە و دیکۆمێنتەکان کارا بکرێت.
وەزیری دارایی بڕیاریشیدا بە ئەلکترۆنیکردنی موچەی خانەنشینان و دروستکردنی کارتی زیرەکی موچەکانیان کە وەزارەتی دارایی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێم دەستیپێکردووە، قۆناغەکانی کاراتر و تەواو بکرێت.