لە کەلار کەسێک لەسەر دزینی ٦ ملیۆن دینار دەستگیرکرا
٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣
عەلی جەمال قدووری، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، دوای سکاڵای خاوەنی دەرمانخانەیەک لەنێو بازاڕی قەزای کەلار کە لە بەرواری ٢\١\ ٢٠٢٣ دزی لەنۆرینگەکەی کرابو، ئەمڕۆ پێنج شەمە توانیان لەڕێگەی کامێرای چاودێریەوە تۆمەتبار بناسنەوەو دەستگیری بکەن.
بە وتەی عەلی جەمال قدووری، تۆمەتبارەکە بڕی شەش ملیۆن دیناری لە نۆرینگەی ئەو ھاوڵاتییە دزیوە.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، "ھەروەھا لە چوار نۆرینگەو تاقیگەی دیکە لەگەڕەکەکانی سیروان، شەھیدان، فەرمانبەران دزیکردوە بەوتەی خۆی تەنانەت پارەی نێو سندوقی ھاوکاری نەخۆشخانەی ھیواشی دزیوە کە تایبەتە بە نەخۆشانی شێرپەنجە."
پۆلیس دەڵێت، "تۆمەتبار بۆ شاردنەوەی خۆی لە کامێراکان قژی دەستکردی بەکارھێناوە و بەچەند جۆرێک شێوەی خۆی گۆڕیوە و پێشتریش بەتۆمەتی دزیکردن، سێ ساڵ زیندانی کراوە."
تۆمەتبار دانیشتووی ناحییەی ڕزگاریە سەر بەقەزای کەلار و لەدایکبووی ١٩٧٧ـە لەئێستادا بەبڕیاری دادوەرو بەپێی مادەی ٤٤٦ بەندکراوە.