لەسەری ساڵدا سلێمانی ژمارەی پێوانەیی لە ھاتنی گەشتیاردا تۆماردەکات
کوردسات نیوز
٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣
بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی رایگەیاند، لە ماوەی نێوان ٢٥ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو تاکو ٣ی ئەم مانگە و بەبۆنە پشووەکانی سەری ساڵەوە، ٦٧ ھەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای سلێمانیان کردووە، لەو ژمارەیە زیاتر لە ٨٠%یان لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە ھاتوون.
بەپێی ئامارەکە ھاتنی گەشتیاران بۆ سلێمانی بەراورد بە سەری ساڵی رابردوو، زیاتر لە دوو ھێندە زیادیکردووە، سەری ساڵی رابردوو نزیکەی ٣٠ ھەزار گەشتیار ھات بوون.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێشتر بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری ھەولێر رایگەیاندبوو، تەنھا لە پشوەکانی سەری ساڵدا ٦١ ھەزار و ٦٥٨ گەشتیار بە مەبەستی بەشداریکردن لە چالاکییەکانی ساڵی نوێدا سەردانی پارێزگای ھەولێریان کردووە.