یونامی پێشوازی دەکات لە بڕیاری تاپۆکردنی زەوی و خانووی ئێزدییەکان
لاڤە
٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣
جینین پلاسخارت نێردەی تایبەتەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، ئەوە ھەنگاوێکی یەکلاکەرەوەیە و ئەمنییەت بۆ ھەزاران ئێزدی دەڕەخسێنێت سەبارەت بە مافی نیشتەجێبوون و تەملیککردنی زەوی و خانووەکانیان.
وتیشی، بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دانپێدانانی رەسمییە و دەیەیەک لە جیاکاری کۆتایی پێدەھێنێت، ھیواشی خواست ئەو بڕیارە نەھامەتی ئێزدییەکان کەمبکاتەوە و ھانیانبدات بۆ گەڕانەوە بۆ شەنگال.
لە رۆژانی رابردوودا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندیدا لەسەر نوسراوێک کە چارەسەری گشتگیر و ھەمیشەیی بۆ ئێزدییەکانی شەنگال دەکات، سەبارەت بە تاپۆکردنی خانوو و زەوییەکانیان لە ١١ کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون کە لە ساڵی ١٩٧٥ەوە ئێزدییەکان لەو زەوی و موڵک و خانووانەی شەنگال نیشتەجێن و لەلایەن حکومەتی بەعسەوە لێی بێبەشکراون.