لە دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی ھەوڵ و ماندووبوونی چەندساڵەی نزار ئامێدی کرد کە یاوەرێکی نزیکی سەرۆک مام جەلال بووە و خزمەتێکی بەرچاوی لە سەرۆکایەتی کۆماری عیراق پێشکەشکردووە. وتیشی، دڵنیام لەم بەرپرسیارێتییە نوێیەشدا بە ھەمان رۆحیەت و ئەزموونی دەوڵەمەندی خۆتانەوە کار دەکەن و خزمەتێکی بەرچاوی گەل و وڵات دەکەن.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانی کەشوھەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگەی عیراق کرا و سەرۆک بافڵ رایگەیاند، بەداخەوە گۆڕانی کەشوھەوا کاریگەری نەرێنی لەسەر ژینگەی عیراق و ھەرێمی کوردستانیش دروستکردووە، بۆیە ئێمە ھاوکار و پشتیوانتان دەبین بۆ ھەر ھەوڵێک کە لەخزمەت پاراستنی ژینگەی وڵاتەکەماندایە. وتیشی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پرسی ژینگەی کردووەتە ئەولەویەتی کاری خۆی و ھەڵمەتی چاندنی یەک ملیۆن نەمامیش لە ھەرێمی کوردستان ھەر لەو پێناوەدایە.