خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە
٣١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
شەوی رابردوو لە تارانی پایتەخت و کەرەج و چەند شارێکی دیکەی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران جارێکی تر خەڵک رژانەوە سەر شەقامەکان و دروشمەکانی دژی حکومەت و دەسەڵاتدارانی ئێرانیان وتەوە.
ئەمڕۆش چلەی حەوت کەس لە کوژراوانی شاری جوانڕۆی سەر بە پارێزگای کرماشان بە ناوەکانی (عیرفان کاکایی) و (بەھادین وەیسی) و (جەوھەر فەتاحی) و ( جەمال ئەعزەمی) و ( تەحسین میری) و (ئیسماعیل گوڵ عەنبەر) و (مەسعود تەیموری) بەڕێوچوو کە رۆژی دووشەممە ٢١ی تشرینی دووەمی رابردوو و دوای گەڕانەوەیان لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژمارەیەک لە خۆپیشاندەرانی جوانڕۆ بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکان کوژران.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، خەڵکێکی زۆر بەشداری رێوڕەسمەکەیان کردووە و لەکاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە ھێزە ئەمنییەکانی جوانڕۆ بۆ بڵاوەپێکردنی ئامادەبووان، گازی فرمێسکڕێژیان بەکارھێناوە و دواتر شەڕ و پێکدادانی قورس لە نێوان ھێزە ئەمنییەکان و خەڵک روویداوە و بەھۆیەوە گەنجێگ بەناوی (بورھان ئەلیاسی) بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکان کوژراوە و منداڵێکیش بە سەختی برینداربووە.