بافڵ جەلال تاڵەبانی: دەمانەوێت لەگەڵ دۆستەكانمان لە بەغداد چارەسەرێكی یەكجارەكی بۆ کێشەی پشکی هەرێم بکەین
رێبوار
٣٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
سەرۆكی یەكێتی لە میانی سەردانەكەی بۆ بەغداد لەگەڵ سەید عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە كۆبووەوە و لە دیدارێكدا دوایین گۆڕانكارییە سیاسی و ئابوورییەكانیان تاوتوێكرد و پرسی بودجەی عێراق و پشكی هەرێم و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان گفتوگۆیان لەبارەوەكرا. هەردوولاش هاوڕابوون كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەربكرێت تاوەكو چیتر ژیانی خەڵك تێكەڵی ململانێ سیاسییەكان نەكرێت.
لە دیدارەكەدا سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە یەكخستنی هەوڵەكان كردەوە بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی نیشتمانی لەبارەی پشكی هەرێم و دابینكردنی شایستە داراییەكان و رایگەیاند، ساڵانێكە هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی باجی ئەو كێشەیە دەدەن و كراونەتە قوربانیی ململانێكان، بۆیە دەیانەوێت لەگەڵ برا و دۆستەكانیان لە بەغداد چارەسەرێكی نیشتمانی و یەكجارەكی ئەو كێشەیە بكەن و كۆتایی بەو دۆخە بهێنن، كە ئەوەش بە نسبەت یەكێتییەوە ئەولەویەتە و هەموو هەوڵێكی لەپێناودا دەدەن.