لە خۆپیشاندانەکانی ئێران ٥٠٠ ژن رفێندراون
٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند، لە سەرەتای خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکانی ئێران ٥٠٠ ژن لە پارێزگاکانی ئێران رفێندراون، لەو ژمارەیەش ناسنامەی ٢٠١ ژن لە شارە جیاوازەکانی رۆژھەڵات و ئێران یەکلایی کراوەتەوە کە لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە رفێنراون، ٣٠ کەسیشیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە، ئەوەش بەپێی پێوەرە جیھانییەکانی مافی منداڵان، وەک منداڵ ھەژمار دەکرێن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ھەنگاو لەناو ئەو ٢٠١ ژنەی ناسنامەیان ئاشکرابووە، ٢٧ خوێندکار و ٦ مامۆستای خوێندنگە و پارێزەرێکیان تێدایە.
رێکخراوی ھەنگاو دەڵێت، زۆرترین ژمارەی دەستبەسەرکرانی ژنان لە شاری سنە تۆمارکراوە کە ٧١ حاڵەت بووە، دواتر شارەکانی تاران و کرماشان و قوروە و دێولان دێت، ٧ ژنیش لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی سزایان بەسەردا سەپێندراوە.
ھەر بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی ھەنگاو، "عادل حسێنی"چالاکی بواری ڕاگەیاندن و خەڵکی شاری کرماشان، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئێران رفێندراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە، سەرەڕای پشکنینی ماڵەکەی، دەستیان بەسەر کەلوپەل و کەرەستە تاکەکەسییەکانیدا گرتووە.