شەوی ٢٨ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١١، بەھۆی بۆردومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە گوندی رۆبۆسکی سەر بە پارێزگای شرناخ لە نزیک سنوورەکان نێوان باکوری کوردستان و ھەرێمی کوردستان، ٣٤ ھاووڵاتیی دانیشتووی گوندەکە کە سەرقاڵی کاری کۆڵبەری بوون گیانیان لەدەستدا، لەو کەسانەی گیانیان لەدەستدا ١٩ کەسیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بوو و زۆرینەشیان کەسوکاری یەکتری بوون.

دوای کۆمەڵکوژییەکە، داواکاری گشتیی ئامەد دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد، بەڵام دوای ساڵ و نیوێک بەسەر رووداوەکەدا دۆسیەکە بۆ سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیا گوێزرایەوە و دواتر داواکاری گشتی سەربازی ٢٠١٤ دۆسیەکەی داخست.