رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند،"پەروین عەبدوڵاپەنا"یەکێک لە چالاکوانانی شاری بانە و ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکەی دابینکردنی پێداویستیی کرێکارانی بیناسازی و یەکەی فرۆشیارانی قاڵیی دەستچن، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی  ئیسلامی لە شاری سەقز سزای ٨ مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنراوە.

ھەروەھا"کەمال ھاشمی" لە کاتێکدا دوو مانگ بەسەر دەستبەسەرکرانیدا تێدەپەڕێت؛ لە دانیشتنی دادگای شۆڕشی پیرانشار بێ ئامادەبوونی خۆی، بە تۆمەتی"پڕوپاگەندە دژی نیزام و پیلانگێڕی لە دژی ئاسایشی گشتی" سزای ١٦ مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە، لە ئورمیەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی نەغەدە گواستراوەتەوە.

کەمال ھاشمی تەمەن ٤٠ ساڵە و خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە، لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە مافی گرتنی پارێزەر بێ بەشکراوە.

رێکخراوی ھەنگاو راشیگەیاندوە،"مەھسا قوربانی"خەڵکی شاری سنە و دانیشتووی تاران، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە رفێنراوە ، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوە و چارەنوسی نادیارە.

ھەروەھا"عەبدوڵا ڕەزایی"مامۆستای خوێندنگە و چالاکی پیشەیی خەڵکی شاری ھەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان، ڕۆژی دووشەممە لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندرا.