سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و جەختی لە جێبەجێکردنی خاڵە نیشتمانی و دەستوورییەکان کردەوە کە لە بەرنامەی حکومەتی نوێدا جێگیرکراون.

 وتیشی، رێککەوتنی لایەنەکان بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت ھەنگاوێکی گرنگ بوو بە ئاڕاستەی تێپەڕاندنی ئەو رەوشە نەخوازراوەی عێراقی تێکەوتبوو، بەڵام لەوەش گرنگتر پابەندبوون و جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنەکەیە کە ھۆکاری سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانییە لە عێراقدا.

سەرۆک یەکێتیی، خواستی ھەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکان دووپاتکردەوە و داوایکرد، لیژنەکانی گفتوگۆ و دانوستان کاراتر بکرێن و لەبەرامبەر خواستی خەڵک و داواکارییەکان نەرمی بنوێنرێت، داواشی لە سەرۆک وەزیران کرد شایستە داراییەکانی ھەرێم بنێرێت.

لای خۆیەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش دڵنیایی دایە سەرۆک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێم پارێزراو دەبێت و بەزووترین کاتیش ٤٠٠ ملیار دینارەکە رەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت.

 وتیشی، یەکێتیی یەکێکە لە ھاوبەش و بەشدارە سەرەکی و گرنگەکانی حکومەت و بە پاڵپشتیی یەکێتیش لەخزمەت ھەموو عێراق و ھەرێمی کوردستان دەبن.