مەکتەبی سیاسی پارتی چەپی کورد لە سوریا ئیدانەی ھێرشەکەی پاریس دەکات
ڕێبوار
٢٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
مەکتەبی سیاسی پارتی چەپی کورد لە سوریا راگەیەنراوێکی بڵاوکردۆتەوەو ئاماژەی بەوەکردوە، ھاوکات لەگەڵ یادی ١٠ ساڵەی تیرۆرکردنی خەباتکارانی کورد ( ساکینە چانسز و ساکینە دۆغان و لەیلا شایلەمز) لە ساڵی ٢٠١٣ لە پاریس لەلایەن دەزگای ھەواڵگری تورکیاوە، کەسێک ھێرش دەکاتە لەسەر چالاکوانانی کورد لە نزیک کۆمەڵەی رۆشنبیری ئەحمەد کایا لەناو دڵی پاریسدا و ٣ کورد شەھید دەکات و ٤ی تریش بریندار دەکات.
ئەم ھێرشە بۆ سەر چالاکوانانی کورد لە پاریس لەم کاتەدا بەڵگەیەکی روونە کە فاشیەتی تورکیا ھێشتا بەردەوامە لە چالاکییە تیرۆریستییەکانی دژ بە چالاکوانانی کورد بۆ تێکدانی نێوانی کورد و فەرەنسا لە لایەک و تۆڵەکردنەوەلەو دەستکەوتانەی کورد بەدەستی ھێناون لە رۆژئاوای کوردستان و باکوری رۆژھەڵاتی سوریا و باشور و باکوری کوردستان و لە سەرکردایەتیکردنی خۆپیشاندانی بەرفراوانی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان کە چووتە مانگی چوارەمەوە.
پارتی چەپی کورد لە سوریا جگەلە ئیدانەکردنی ھێرشەکە داوا لە دەوڵەتی فەرەنسا دەکات لێکۆڵینەوەیورد و شەفاف لەو تاوانە نەگریسە بکات و ھۆکار و پاڵنەرەکانی ئاشکرا بکات و پارێزگاری لە رەوەندی کوردی بکات. ھەروەھا ستایشی ھەڵوێستی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا دەکات، ھەروەھا جگەلە ھاوسۆزی لەگەڵ رەوەندی کوردی لە فەرەنساو ئەوروپا داوا دەکات خۆپیشاندانەکانیان لە فەرەنساو ئەوروپا ئاشتیخوازانە بێت و رێز لە یاسا و رێساکان بگرن تاکو رێز و ھاوسۆزیان بەدەستبھێنن. بەتایبەت فەرەنسا کە دەوڵەتێکی دۆستە و لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەشدارە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش لە رۆژئاوای کوردستان باکور و رۆژھەڵاتی سوریا.