١٠٧ دەرچووی دیکە لە کۆلێژە پزیشکییەکانی زانکۆکانی کوردستان وەرگیران
کوردسات نیوز
٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
لە بەر ڕۆشنایی بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، (١٠٧) خوێندکار/ قوتابی دیکە لە کۆلێجەکانی (پزیشکی گشتی، پزیشکی ددان، دەرمانسازی) بەشێوەی پارالێل بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٢-٢٠٢٣) لە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان وەرگیران.
لە ماوەی ڕابردوودا بەشێک لە دەرچوانی ساڵانی ڕابردو داواکارییان پێشکەش بە وەزارەت کرد بۆ وەرگرتنیان لە کۆلێجە پزیشکییەکان بەشێوەی پارالێل، بۆ ئەوەش داوای زیادکردنی کورسی پارالێڵیان کرد، بۆ ئەمەش داوکارییەکەیان لە کۆبونەوەی ژمارە (٧)ی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاسپاردەی لێژنەیەک کرا بۆ دیراسەکردن و دیاریکردنی ژمارەی کورسییەکان بەپێی توانای زانکۆکان.
لێژنەکە تاوتوێی سەرجەم لایەنە زانستییەکانی بابەتەکەو ژمارەی کورسیەکانی بەپێی توانای زانکۆکان لەسەر ئاستی ھەریەک لە کۆلێجەکان کرد، لە ئەنجامداو لە ژێر ڕۆشنایی پێشنیازەکانی لێژنەکە، وەزارەتەکەمان بڕیاریدا بەوەرگرتنی (١٠٧) خوێندکار/ قوتابی دیکە لە کۆلێجەکانی (پزیشکی گشتی، پزیشکی ددان، دەرمانسازی) بەشێوەی پارالێل.
جگە لەو دەرچوانەی کە ساڵی پار خۆیان لە کۆلێژەکانی پزیشکی گشتی وەرگیرابون، ھەمو ئەو دەرچوانەی کە ساڵانی ڕابردو پۆلی دوانزەیان تەواو کردبوو، بەڵام ئەمساڵ دوبارە داواکارییان پێشکەش کردبوو تا بەسیستمی پارالێل لە کۆلێجە پزیشکییەکان وەربگیرێن، لە ئەنجامدا سەرجەمیان چونە پێشبڕکێی وەرگرتن بۆ کورسییە زیادکراوەکان، لە ئەنجامدا (١٠٧) خوێندکار/ قوتابی تر لە دەرچوانی ساڵانی ڕابردوو وەرگیران، کە ناوەکانیان و کەمترین کۆنمرەی وەرگرتنیان لەم لیستەی خوارەوەدا ھاتوە.