لە خۆپیشاندانەکانی بۆکان و کامیاران دوو خۆپیشاندەری کورد کوژران
کوردسات نیوز
١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و شارەکانی تری ئێران دوو مانگی تێپەڕاند و تائێستاش بەردەوامە، ئەمڕۆ لەشاری کامیاران ھاوڵاتی بورھان کەرەمی و لەشاری بۆکانیش ھاوڵاتی سالار موجاور بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژران.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەشی بڵاوکراونەتەوە، ئەمڕۆ بۆ رۆژی دووەم دوکاندار و کاسبکارانی بۆکان و مھاباد و مەریوان و سەقز و چەند شارێکی تری رۆژھەڵاتی کوردستان مانگرتنی گشتیان راگەیاند و دوکان و بازاڕەکانیان داخست.
دوینێش لە خۆپیشاندانەکانی شاری کامیاران دوو ھاووڵاتی بە ناوەکانی (فوئاد محەمەدی) و (سەعید مورادی) و لە سنەش ھاووڵاتییەکی تر بەناوی عیسا بیگلەری بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکان کوژران، لە سنە ھێزە ئەمنییەکان ھێرشیانکردە سەر خوێندکارانی زانکۆی کوردستان و ھەموو رێگاکانی چوون بەرەو زانکۆکەیان داخست.
رێکخراوی ھەنگاویش بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی شەڕو پێکدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان بنکەیەکی بەسیج لە کامیاران کەوتووەتە دەست خەڵک و ئەندامێکی سوپای پاسداران بەناوی (رەزا ئازەربار) کوژراوە و دوو ئەندامی تریش برینداربوون.