لە ھەرێمی کوردستان پێداچوونەوە بە نرخی دەرمان دەکرێت
کوردسات نیوز
١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
"د. شێروان سادق"بەڕێوەبەری گشتیی کوالێتی کۆنتڕۆڵی دەرمان لە رێگەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری ھەرێم رایگەیاند، وەزارەتی تەندرووستی پێداچوونەوە بە نرخی دەرمان دەکات، لەئێستاشدا ھاووڵاتیانی کوردستان لەسەر (کیو ئاڕ) کۆدی دەرمان دەتوانن نرخە دیاریکراوەکەی لەلایەن حکومەتەوە بزانن، بەوەش ھاووڵاتی چیتر لەلایەن فرۆشیاران و دەرمانخانەکانەوە پارەی زیادەیان لێ وەرناگیرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، دەرمانەکان ستیکەری نوێی لەسەر دەدرێت و حکومەت چاودێرییەکی گەورە و جدی دەخاتە سەر بازاڕی دەرمان بۆ ئەوەی بە ھیچ شێوەیەک ساختەکاری لەو نرخە نەکرێت و ھیچ کەسێک فێڵ لە ھاووڵاتیان نەکات لە جۆر و کوالێتی دەرمان و نرخەکەی.
راشیگەیاندوە، ئێستا دەرمانی پێویست بەشێوەی رەسمی ھاوردە دەکرێت، تیمەکانیان بە ھاوبەشی لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکان و ئاسایشی بازگە و خاڵە سنوورییەکان، ڕێوشوێن دەگرنەبەر و چاودێری دەکەن، بەوھۆیەشەوە ڕێگرییەکی زۆر لە دەرمانی قاچاخ کراوە و ئێستا بە ئاستێکی بەرز کۆنتڕۆڵ کراوە.