سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی: چیتر قبووڵی ناکەین دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت
کوردسات نیوز
١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ھۆڵی شەھید شیھاب لە قەڵاچوالان لەگەڵ کادران و ئەندامانی سنووری مەڵبەندەکانی سلێمانی و گەرمیان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا رەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی، سەرکەوت زەکی، لێپرسراوی مەکتەب رێکخستن، جەزا سەید مەجید، لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی و میقداد شێخ بەھادین، لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی گەرمیان ئامادەبوون، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی وتارێکی ھەمەلایەنەی لەبارەی دۆخی گشتیی ھەرێم، عیراق، ناوچەکە و یەکێتی پێشکەش کرد. ئاماژەی بە ھەوڵ و ھەنگاوەکانی یەکێتی کرد کە سەرباری ئاستەنگ و بەربەستەکان توانیوویەتی سەرکەوتنی گەورە بەدەستبھێنێت لە پرۆسەی سیاسیی عیراقدا. ھەروەھا توانی ئیستحقاقی سەرۆککۆمار ھەر لای کورد و یەکێتی بھێڵێتەوە و سیاسەتێک ئاڕاستە بکات کە ببێتە مایەی بەھێزترکردنی پێگەی کورد. وتیشی، بڕیارمانداوە لەمەودوا ئامادەیی زیاترمان لە بەغدا ھەبێت وەک سەنگەری پێشەوەی داکۆکیکردن لە خەباتی دیموکراسی و نەتەوەیی گەلەکەمان.
لە بارەی ھەرێمی کوردستان و پێشھاتە سیاسییەکان سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەڤاڵانی لە گۆڕانکارییەکان بەرچاوڕوونکرد و رایگەیاند، یەکێتی ھەمیشە لە چوارچێوەی سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال ستراتیژی خۆی ئاڕاستەکردووە و دەکات. لەبەرامبەر ھەموو ئەگەرەکاندا پەنای بۆ دیالۆگ و چەپکەگوڵەکە بردووە، بەڵام بەداخەوە ئەم ویستە نیشتمانییەی ئێمە بەھەند وەرنەگیرا و پشوودرێژیمان لەبارەی تاکڕەویی حوکمڕانی، جیاکاری لە ئیدارەدان و دابەشکردنی داھاتی ئەم ھەرێمە کۆتایی ھات. ھەر بۆیە بڕیارماندا ستۆپ بە پاوانخوازی بکەین و چیتر قبووڵی نەکەین دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، چونکە دەبێت رێڕەوی چەوتی حوکمڕانی راستبکرێتەوە و حکومەت حکومەتی ھەموو خەڵک و شار و شارۆچکەکان بێت. بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ دڵسۆزانی گەلەکەمان ئەم ئامانجە باڵایە بەدیدەھێنین.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ سەبارەت بە ئەرک، خەبات و تێکۆشانی ئەمڕۆی ھەڤاڵانی ڕێکخستنەکانی یەکێتی ھەڵوەستەیکرد و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، یەکێتی وەک ھێزێکی جەماوەریی ھەمەلایەنە ھەمیشە باوەڕی بە نوێبوونەوە و خۆڕێکخستنەوە ھەبووە لەسەر بنەمای ھەڤاڵێتی، یەکێتیبوون و یەکێتی ناو یەکێتی، بۆ ئەوەش ھەنگاوی باشمان ناوە و ئەگەر لە شوێنێکدا کەموکوڕی ھەبووبێت بێگومان چارەسەری دەکەین و دەیکەینە بنەمای جۆشدانەوەی کاری رێکخراوەییمان. بۆیە ھەر کادر و ئەندامێکی یەکێتی تێبینی یاخود رەخنەیەکی ھەبێت پێشوازی لێدەکەین بەڵام نابێت گلەییەکان ببنە ھۆکاری ساردبوونەوە و دوورکەتنەوەمان، چونکە یەکێتییەکەی مام ھی خەڵک و ھەڤاڵەکانێتی و ئێمە بە ئێوە و دڵسۆزیتانەوە دەتوانین گەشە بەخۆمان بدەین و کاروبارەکان باشتر رێکبخەینەوە. بۆ ئەوەش سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوای لە ئامادەبووان کرد بە گیانێکی ھەڤاڵانە و ورەیەکی پۆڵایینی یەکێتییانەوە درێژە بە خەباتی خۆیان بدەن و ھاوکار و ھەماھەنگی یەکتربن بۆ بەھێزترکردن و پێشخستنی ریزەکانی یەکێتی.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا گفتوگۆیەکی کراوە بەرێوەچوو و سەرۆک بافڵ ھەڤاڵانی راسپارد بچنەوە ناو ھاوڵاتییان و ئۆرگانەکانی یەکێتی بکەنەوە بە ماڵی کۆمەڵانی خەڵک. دەبێت کادری یەکێتی لەبەرەی پێشەوەی داکۆکیکردن بێت لە مافەکانی ھاوڵاتییان و بە رۆحێکی یەکێتییانەوە درێژە بە خەبات بدەن و لە ئاست بەرپرسیارێتی قۆناغەکەدا بن.