رێنماییەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بۆ ئەو پاس و تاکسیانەی ھاتوچۆ بە خوێندکاران دەکەن

قائیمقامیەتی سلێمانی چاودێری ئەو پاس و تاکسیانە دەکات کە ھاتوچۆ بە خوێندکاران دەکەن، و بەخێوکاران و خوێندکارانی خوێندنگە و باخچە حکومی و ناحکومیەکانی سنوری ھەردوو بەرێوەبەرێتی پەروەردەی رۆژھەڵات و رۆژئاوە ئاگاداردەکاتەوە، لەکاتی بەدیکردنی ھەر جۆرە سەرپێچییەک لیژنەی چاودێریکردنی ھاتوچۆی تایبەت بە گواستنەوەی خوێندکارانی لێئاگاداربکەنەوە.

لەسەر راسپاردەی قائیمقامی سلێمانی لیژنەی ھاتوچۆی گواستنەوەی خوێندکارانی سەر بەلیژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی کۆمەڵێک رێنمایی تایبەت بە رێکخستن و چۆنییەتی گواستنەوەی خوێندکاران دەرکردووە، لە گرنگترینی ئەو رێنماییانەشی کە قائیمقامیەتی سلێمانی بە پێویستی دەزانێت بەخێوکاری خوێندکاران لێی ئاگادار بن:

١. ئەو پاس و تەکسییانەی خوێندکاران دەگوازنەوە دەبێت رەچاوی تەواوی رێنماییەکانی ھاتوچۆ بکەن.
٢.  پاسەکان  دەبێت مەرجی سەلامەتی و توندوتۆڵی و سیستمی ساردی و گەرمی تێدا بێت.
٣. رێگە نادرێت ھیچ ئۆتۆمبێلێک لە ژمارەی کوشنەکان زیاتر خوێندکار ھەڵبگرێت.
٤. لە بەشی کارگێری ھەر خوێندنگەیەکدا لیژنەی تایبەت بە سەرپەرشتی پاسەکان پێکھاتووە کە زانیاری تەواو و بەڵگەنامەی شۆفێرو پاسەکانی لابێت، و بەردەوامیش چاودێری ئەو ئۆتۆمبێلانە بکات کە خوێندکاران دەگوازنەوە.
٥. تیژرەوی  لەکاتی گواستنەوەی خوێندکاران رێگە پێدراو نییە.
٦. لەکاتی گواستنەوەی خوێندکاراندا نابێت شۆفێرەکان رادیۆ و ھۆکانی لێدانی گۆرانی و میوزیک بەکاربھێنن، دەبێت رەچاوی لایەنی پەروەردەیی بکەن.
٧. پارەی رۆژانی پشووە رەسمییەکان جگە لە رۆژانی ھەینی پارەکەی دەگەرێتەوە بۆ خوێندکارەکان.
٨. دانانی پەردە و ئاوێنەی زیادە رێگە پێدراو نییە.
٩. لەڕووی نرخەوە پابەندی ئەو نرخانەبن کە بە گوێرەی ناوچەی جوگرافی دیاریدەکرێت.
١٠. نرخی گواستنەوە بە پێی ناوچەی جوگرافی و دور و نزیکی و تایبەتمەندی شوێنەکە دیاری دەکرێت.
بۆئەوەی ھیچ خوێندکارێک نەبێتە قوربانی، قایمقامیەتی سلێمانی  بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی وردی ئەو پاس و تاکسیانەی کە ھاتوچۆ بە خوێندکاران دەکەن، بەدەر لەو رێنماییانەی سەرەوەش، ھەر شۆفێرێک سەرپێچی ئەنجامبدات قائیمقامیەتی سلێمانی ڕێوشوێنی پێویست و گونجاو دەگرێتە بەر، وە داوا لە بەخێوکەران و کەسوکاری خوێندکاران دەکەین کە لەکاتی بەدیکردنی ھەر جۆرە سەرپێچیەک، لە رێگەی ژمارەی پەیوەندی (٠٧٧٠١٠٦١٦٠٣) لیژنەی چاودێرکردنی ھاتوچۆی تایبەت بە گواستنەوەی خوێندکارانی لێئاگاداربکەنەوە.
راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی