وەزارەتی کارەبا لە روونکردنەوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، وەرگرتنی کرێی کارەبا بە سەرجەم پۆلەکانەوە لەوانە کارەبای ماڵان بەپێی پێوەری زیرەکی کارەبا رێکخراوە و ھیچ پەیوەندییەکی بە گەڕەکە جیاوازەکانی ناو شارەکانەوە نییە، ھاوبەشانی کارەبا بەپێی ئەو یەکە کارەبایەی کە بەکاردێنن کرێی کارەبا لەسەریان ئەژماردەکرێت. 

رونیشیکردووەتەوە، وەزارەتی کارەبا تەنانەت لە ھەڵمەتەکانی نەھێشتنی سەرپێچی لەسەر تۆڕەکانی کارەبا و بڕینی ئەو ھاوبەشانەی لەسەروو دوو ملیۆن دینار قەرزدارن لەو گەڕەکانە دەستیپێکردووە کە بە گەڕەکە دەوڵەمەندنشینەکان ناسراون. 

ھەروەھا وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەر ھاوبەشێکی کارەبا لەکاتی خۆیدا کرێی کارەباکەی نەدابێت، یان دوای خستبێت، لەسەری کۆدەبێتەوە و بەھەر شێوەیەک بێت، پێویستە بدات.