کەشناسیی عێراق: ھۆشداری لە دروستبوونی لافاو لە ھەولێر و سلێمانی دەدات
کوردسات نیوز
١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە رۆژی چوارشەممەوە ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی بارانبارین کە کاریگەری دوو نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوورە و کاریگەری ئەو شەپۆلی بارانبارینە تاوەکو رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.
کەشناسیی ھەرێم راشیگەیاند، سەرەتا نمەباران لە ناوچە شاخاوییەکان و بەشەکانی رۆژئاوای ھەرێم و بەشێک لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستپێدەکات، پاشان کاریگەری بارانبارین درێژ دەبێتەوە بۆ تەواوی ھەرێم و ھەندێک کات لە ھەندێک ناوچە بە تایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی لێزمە باران دەبێت و لەسەر لووتکەی چیا بەرزە سنوورییەکانیش بەفرێکی کەم دەبارێت.
ھاوکات دەستەی گشتیی کەشناسیی عێراق رایگەیاند، عێراق رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە دەکەوێتە ژێر کاریگەری نزیکە پاڵە پەستۆیەک و لە بەغداد و شارەکانی تر باراندەبارێت، ھەروەھا ئەگەری دروستبوونی لافاو لە ھەندێک لە ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران و ھەولێر و سلێمانی و دیالە ھەیە.