بارەگاکانی حزبی دیموکرات و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە کۆیە و برادۆست و سلێمانی بۆردومانکران
کوردسات نیوز
١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
تاریق حەیدەری قائیمقامی کۆیە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سەعات ٨:٤٩ خولەکی بەیانی ئەمڕۆ لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە پێنج جار بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری کۆیە بۆردومانکران، بەھۆیەوە پێشمەرگەیەکی کۆمەڵە بە ناوی (رێبوار عەبدی) گیانی لەدەستدا و شەش پێشمەرگەی تریش بریندار بوون.
راشیگەیاند، ھاووڵاتییەکی کۆیە کە نەخۆشی دڵی ھەبوو، بەھۆی دەنگی بەرزی بۆردومانەکە و ترس و دڵەڕاوکێ وە گیانی لەدەستداوە.
ھەروەھا حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاند، سوپای پاسدارانی ئێران لە شاری شنۆ و پیرانشارەوە تۆپبارانی ناوچەکانی بەربزێن و ناوڕووبارنی لە سنوری برادۆست کرد.
پەیامنێری کوردسات نیوزیش رایگەیاند، ئێران بە درۆن بارەگاکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی لە ناوچەی زڕگوێزی سەربە پارێزگای سلێمانی بۆردومانکرد.
لەبارەی بۆردومانەکان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پێشتر ھۆشدارییان بە بەرپرسانی ھەرێمی کوردستانداوە کە رووبەرووی ھەر ھەڕەشەیەک دەبنەوە کە دژی ئاسایشی ئێران بێت.