پەرلەمانی كوردستان دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێركاری دەدات
١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
بەپێی ئەو کارنامەیەی پەرلەمانی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، کۆبوونەوەکە سەعات ١٠ی بەیانی دەستپێدەکات و سێ تەوەر لەخۆدەگرێت.
لە تەوەری یەکەمدا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بەرکارکردن و ھەمواری پیادەکردنی یاسای کەرەنتینی کشتوکاڵیی عێراقی ھەموارکراو لە ھەرێمی کوردستان-عێراق دەکرێت.
لە تەوەری دووەمدا، دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێرکاری لە ھەرێمی کوردستان-عێراق دەدرێت.
تەوەری سێیەمیش بریتییە لە ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای پاراستنی ئاژەڵان لە ھەرێمی کوردستان-عێراق و پێشنیازەیاسای بەرکارکردنی یاسای فیدڕاڵیی واژۆی ئەلیکترۆنی و مامەڵە ئەلیکتڕۆنییەکان و پڕۆژەیاسای ھەمواری پیادەکردنی یاسای بەڕێوەبەردنی ئەوقاف و پڕۆژەیاسای ھەمواری یەکەمی یاسای ئەنجومەنی شورای ھەرێمی کوردستان-عێراق.