د. رەھێڵ فەرەیدوون، بریکاری وەزارەتی تەندروستی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ٥٠٠ دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان کە لە سەردەمی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا خزمەتیان کردووە، لە ماوەی رابردوودا گرێبەستەکانیان شەش مانگ جارێک تازە دەکرایەوە و ئێستا تەواو بووە.

بەڵام ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە گرێبەستەکانیان بۆ تازە بکرێتەوە و بۆ لەمەودوا گرێبەستەکانیان دەکرێت بە ساڵانە، واتە ھەموو ساڵێک بەپێی پێویستی نەخۆشخانەکان تازە دەکرێتەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، وەزارەتی تەندروستی نوسراوی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان کردووە بۆ ئەوەی ناو و شوێنی کارکردنیان بنێرن و رێکارە کارگێرییەکانیان بۆ تەواو بکرێت.