پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، گەنجەکە تەمەنی ٢٤ ساڵە و پێش ئەوەی کۆتایی بەژیانی خۆی بێنێت، پەیوەندی بەپۆلیسەوە کردووە و پێی راگەیاندوون، پێنجشەممە دایکی لە ماڵەوە کوشتووە و تەرمەکەی بەجێھشتووە. ھەروەھا وتویەتی خۆیشی دەچێتە سەرقەبرانی عەواڵ و کۆتایی بە ژیانی خۆی دەھێنێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دوای چەند خولەکێک پۆلیسی گەڕەکی بەکرەجۆ گەیشتوەنەتە لای گەنجەکە و دەرکەوتووە کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێناوە. دواتر، پۆلیسی بەکرەجۆ چوونەتە ماڵی گەنجەکە و بینیویانە تەرمی ژنێکی بە تەمەن لە ماڵەکەدایە.

پەیامنێری کوردسات نیوز وتیشی، تیمەکانی بەڵگەی تاوان چوونەتە شوێنی ھەردوو رووداوەکە و دوای لێکۆڵینەوە، تەرمەکان رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کران بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی زیاتر لەسەر ڕووداوەکە بکرێت، چونکە تا ئێستا ھۆکاری سەرەکی رووداوەکە نازانرێت و پۆلیس لە لێکۆڵینەوەدایە.