خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامن
کوردسات نیوز
١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
نزیکەی دوو مانگە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران دژی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی و رەوشی وڵاتەکە بەردەوامە و شەوی رابردوش لە شارەکانی سنە و مھاباد و بۆکان و تاران و قوم و چەند شارێکی تر خەڵک رژانەوە سەر شەقامەکان و دژی حکومەتی ئێران دروشمیاندا، لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەک ھاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی تریش برینداربوون، چەندین کەسیش لە رۆژنامەنوسان و چالاکوانان و ھاووڵاتی ئاسایی بێسەروو شوێن بوون.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤیش بڵاویکردەوە، خوێندکارێکی کوردی خەڵکی شاری شائاباد بە ناوی"عەلیڕەزا کەریمی"، لە خۆپیشاندانە خوێندکارییەکانی شاری ئەراک، بەھۆی لێدانی باتۆم لەسەری گیانی لەدەستداوە، بڕیارە ئەمڕۆ ھەینی تەرمەکەی لە گۆڕستانی باخی رەزوانی شائاباد بەخاک بسپێردرێت.