دەقی راگەیەندراوەکە:

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی پیلانێکی تیرۆریستانی داعش بۆ تێکدانی ئاسایشی ھەرێم شکست پێدەھێنن و لە ئۆپراسیۆنێکیشدا دووچەکداری داعش دەکوژرێن و تیرۆرستێکی داعش کە ژنە بە برینداری دەستگیردەکرێت .

پاش ئەوەی رۆژی ٣ / ١١ / ٢٠٢٢ سێ تیرۆریستی داعش کە یەکێکیان ژن بوو لەقەزای چەمچەماڵەوە بەڕێکەوتن بۆ ناوچەی سەنگاو بە مەرامی بنیادنانی حەشارگەیەک بۆ تیرۆریستانی داعش و ئەنجام دانی چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی لە شارەکانی ھەرێم کە پێشتر ئامادەکارییان بۆ کردبوو تا ژمارەیەک چەکداری تیرۆریستی تر بێنە ناوچەکە دەست بەجێبەجێکردنی پیلانەکانیان بکەن.

ھێزەکانمان لەسەر بنەمای زانیاری پێشوەخت بەدواداچوونیان بۆ جموجۆڵی تیرۆریستان کرد و ناوچەی سەنگاو خرایە ژێر چاودێری وردەوە کەدوای دڵنیابوون و وەرگرتنی رەزامەندی بەڕێز دادوەر ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردنی تاوەنبارەکان دەستیپێکرد و لەشەوی ٦ / ٧ ی ١١ ی ٢٠٢٢ لە شاخی ئاژداخ لەنزیک گوندی کچان لەناوچەی سەنگاو شوێن و جێگای تیرۆریستان دۆزرایەوە لەکاتی ھەوڵدان بۆدەستگیرکردنیان رووبەڕووی ھێزەکانمان بوونەوە پاش ٣٠ دەقە توانرا ھەردوو تیرۆریست  (ک، س م) و ( م ، ع ، م ) بکوژرێت و تیرۆریست  ( ش ، ن ، ع ) بە برینداری دەستگیربکرێت .


زانیاری لەبارەی تیرۆریستەکانەوە  

١-تێرۆریستی کوژراو  (ک، س م) موالید  (١٩٧٥ ) دانیشتوی قەزای چەمچەماڵ گەڕەکی ڕاپەڕینە ، خێزاندارەو سێ منداڵی ھەیە  و پێشینەی کاری توندڕەویی ھەبووە و بەیعەتیان بەتیرۆریستانی داعش داوەو پیلانیان ھەبووە چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی ئەنجام بدەن و دوای بنیادنانی حەشارگە چەکدارانی داعش بێنە ناوچەکە .

 ۲- تێرۆریستی کوژراو  (م ، ع ، م ) دانیشتوی چەمچەماڵ گەڕەکی ڕاپەڕین موالید ١٩٩٨ ، خێزاندارە ھاوسەرەکەی  بەناوی ( ش ، ن ، ع ) ئەندامی گروپەکەبووە 
ھەردووکیان بەیعەتیان بە تیرۆریستانی داعش داوە و بەھەمان شێوە مەرامیان بووە چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی ئەنجام بدەن .

٣- تێرۆریستی بریندار ( ش ، ن ، ع ) کە رەگەزی ژنە و ھاوسەری تێرۆرست ( م ، ع ، م ) بەھەمان شێوە فکری تیرۆریستانی داعشی وەرگرتووەو بەیعەتی پێداون و ئامادەبووە بەشداری بکات لە کردەوە تیرۆریستیەکان .

لێکۆڵینەوەو بەدواداچون لەوبارەیەوە بەردەوامە 

ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکان 
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی