ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەمە ڕێکەوتی (٢٠٢٢/١١/٦) بەسەرپەرشتی د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کەرنەڤاڵی دەرچونی خولی حەڤدەھەمینی زانکۆی کۆیە لە ھۆڵی فاکەڵتی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی کۆیە بەڕێوەچو، لەم خولەدا (٩٦٩) دەرچو لە (٣٠) بەشی زانستی جیاجیا بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان پێبەخشرا.

لە ڕێوڕەسمەکەدا کە ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتی و مامۆستایان و کەسوکاری دەرچوان ئامادەیبون، لە وتەیەکدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دوای پیرۆزبایی لە دەرچوان، ڕایگەیاند: مایەی شانازییە بەپێی داتای دەرچوانی زانکۆی کۆیە خانمان ڕێژەی ٤٦٪ی دەرچوانی ئەم خولە پێکدەھێنن، ھەروەھا لەسەر ئاستی سەرجەم زانکۆکانیش خانمان ڕێژەی ٥٧٪ی خوێندکاران و قوتابیان پێکدەھێنن. ئاشکراشیکرد: لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزارەت چوار ئەندامی ئەنجومەن، سێ سەرۆک زانکۆ و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان لە خانمانی بەتوانای کایەی ئەکادیمین، ئەمەش ئاماژەیەکی گرنگە بۆ ئەو ڕاستییەی کە ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی گرنگی ناوە بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ کچان و کوڕانی وڵاتەکەمان بۆ ئەوەی لەڕوی گەیشتن بە زانست و بەدەستھێنانی کارامەیی گەشەبکەن و دەرفەتی یەکسانی گەشەکردنی ئابوریشیان ھەبێت. 

لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا د. ئارام محمد قادر ئاماژەی بەوە کرد شاری کۆیە خاوەنی مێژویەکی پرشنگدارە لەبواری زانست و مەعریفەو ڕۆشنگەریدا، خەڵکی دڵسۆزو نیشتیمانپەروەری کۆیە ھەمیشە لە پێشەنگی خەبات و قوربانیدان و جۆشدانی خەبات و بیری کوردایەتی بون، ئێستاش خۆشحاڵین کە دەبینین زانکۆی کۆیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پێش دەکەوێ، ئەم زانکۆیە لە ڕوی ژێرخان و توانای مرۆیی و ئاستی زانستی و بەرھەمی توێژینەوەی زانستی بەردەوام لە گەشەکردندایە، لە ڕیزبەندی نیشتیمانی و ڕیزبەندییە جیھانییەکانیشدا ھەمیشە زانکۆی کۆیە لە ڕیزی زانکۆ پێشەنگەکانی کوردستاندایە.

وتیشی: دیارترین خەسڵەتی زانکۆی کۆیە بریتییە لە فراوانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و کارایی تۆڕی ھەماھەنگی و پەیوەندی زانستی لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لەسەر ئاستی جیھان، بۆ ئەمەش دەستخۆشی لێکردن کە ئەمساڵ توانییان گرانتێکی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی Academy British بەھاوبەشی لەگەڵ زانکۆی ئەڵستەری بەریتانی بە بڕی زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار بەدەستبھێنن، ئەم گرانتە تایبەتە بە توێژینەوەکانی بواری سیاسەتی ئابوری پەروەردەو پەرەپێدانی تواناکان لە بواری توێژینەوەکانی تایبەت بە پەروەردە لە کوردستان، ئەم ھەنگاوەتان جێگەی دەستخۆشیەو سوپاسی بریتش ئەکادیمی و زانکۆی ئەڵستەر دەکەم کە ھاوکار بون لەسەرخستنی ئەم دەستپێشخەرییە. بۆ ئەمەش دڵنیایی کردنەوە کە ھەمیشە پشتیوانی سەرسەختی زانکۆکەتان دەبین و پشتیوانی شاری کۆیەی سەربەرزیش دەبین.

لە تەوەرێکی دیکەی وتارەکەیدا وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بە ڕیفۆرم و گەشەپێدانی کەرتی خوێندنی باڵا کردو ڕایگەیاند: گرنگترین ھەنگاوی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا بریتیە لە کرانەوەی زیاتری خوێندنی باڵا بەڕوی کۆمەڵگەدا، وتیشی: لەپلانماندایە پێداچونەوە بەناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن و بەشە زانستییەکانی زانکۆکانمان بکەین بەزانکۆ حکومی و تایبەتەکانیشەوە، ئەوبەشانەی کە دەرفەتی کاری زیاتر بۆ دەرچوانمان دەڕەخسێنن پەرەی زیاتریان پێ دەدەین و بەشی نوێی پەیوەندیدار بە پێداویستییەکاننی بازاڕی کار دەکەینەوە.

د.ئارام محمد قادر ڕو لە دەرچوانی زانکۆی کۆیە وتی: ھەنگاوی گرنگمان ناوە بۆ گۆڕانکاری لە سیستمی ناوەندیی وەرگرتن لە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان، بە ئاراستەی گۆڕینی ئەم سیستمە بە سیستمێکی مۆدێرن کە تیایدا زیاتر ڕەچاوی ئارەزو و خولیا و تواناکانی گەنجان و ئاراستەی پیشەیی دەرچوانی ئامادەیی بکات. وتیشی: خەونی گەورەمان ئەوەیە کە سیستمی خوێندنی باڵای ھەرێم لە ئاستی عیراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست سیستمێکی ناوازە بێت و لەسەر بنەمای کواڵیتی و ستانداردی نێودەوڵەتی بنیادبنرێتەوە، خوێندنی باڵا بکەینە ئامرازی پەرەپێدانی کلتور و بەھا نەتەوەییەکانمان بەتایبەت بەھاکانی ئازادی و دیموکراسی و ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و یەکسانی جێندەری و لێبوردەیی و پێکەوە ژیان.

لە کۆتاییشدا وتی: ئێمە دەمانەوێت پرسی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا ببێتە پرسێکی نیشتیمانی و بەھاوکاری حکومەت و پەرلەمان و کۆمەڵگەی ئەکادیمی و ھەمو چین و توێژەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی پێکەوە کاری بۆ بکەین. 

ھەر لە ئاھەنگی دەرچوانی زانکۆی کۆیە، د. محمد حەسیب سەرۆکی زانکۆی کۆیە لە وتەیەکدا ئاماژەی بە ھەوڵە زانستییەکانی زانکۆی کۆیە کرد بۆ پێشخستنی ئاستی زانکۆ و گەشانەوەی زیاتر لەسەر نەخشەی ئەکادیمی و رۆڵ و پێگەی لەناوەندە ئەکادیمییەکانی ناوچەکەدا. وتیشی: لەگەڵ دەستبەکاربونمان ھەوڵی زیاتر بۆ دەرکەوتنی زانکۆی کۆیە دەدەین لە ڕیزبەندە ناوخۆیی و نیشتمانییەکاندا.