بەپێی ئامارێکی رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەھۆی خۆپیشاندان و ناڕەزاییە بەردەوامەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و شارەکانی تری ئێران، تائێستا ٦٠ ھاوڵاتی رۆژھەڵاتی کوردستان کوژراون کە ١١یان منداڵ و شەشیشیان ژنن و چوار ھاوڵاتیش لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە و چوار ھەزار کەسیش دەستگیرکراون. 

ئاماژەی بەوەشکردوە، تائێستا لە ٣٨ شار و ١٠ زانکۆی رۆژھەڵاتی کوردستان خۆپیشاندان کراوە و ١٥ ئەندامی ھێزە ئەمنییەکانی ئێرانیش کوژراون.

مەولەوی عەبدولحەمید پێشنوێژ و وتارخوێنی سوننەکانی شاری زاھیدانی ناوەندی پارێزگای سیستان و بەلوچستانیش رایگەیاند، ھێزە ئەمنییەکان توندوتیژییەکی زۆر بەرامبەر خۆپیشاندەران بەکاردەھێنن کە تەنھا رۆژی ھەینی لە شاری خاش، ١٦ کەس کوژراون و دەیان کەسیش بریندار بوون، وتیشی، دەسەڵاتدارانی ئێران ناتوانن بە کوشتن و دەستگیرکردن خەڵک و ناڕازییان بێدەنگ بکەن.

ئەو کەسایەتییەی سوننەکانی ئێران داواشیکرد بە سەرپەرشتی چاودێرانی نێودەوڵەتی لەئێران ریفراندۆمێکی سەرتاسەری بکرێت.