وەزارەتی خوێندنی باڵا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، ژمارەیەک لە دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئامادەی کە پێشتر لە ئەنجامەکانیان نوسرابو (وردبینی دەکرێت)، لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ناویان گەڕایەوەو لە ئێستادا دەتوانن شوێنی وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەپێی کۆنمرەکانیان وەربگرنەوە.

باسی لەوەش کردووە، د. خەتاب ئەحمەد مستەفا بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: ئەو دەرچوانەی پۆلی دوانزەی ئامادەیی کە پێشتر لە ئەنجامەکانیان نوسرابو وردبینی دەکرێت، لە ئێستادا بەپێی کۆنمرەکانیان ناویان لە زانکۆ و پەیمانگەکانی ھەرێمی کوردستان گەڕاوەتەوە و دەتوانن لە وێبسایتی regayzanko.com لە شوێنی وەرگرتنیان دڵنیا ببنەوە کە ژمارەیان نزیکەی (١٣٠٠) وەرگیراوە.

د. خەتاب ئەحمەد مستەفا رایگەیاند، داوا لەو دەرچوانە دەکەین لە ھەفتەی داھاتودا پەیوەندی بکەن بەو کۆلێژو بەشانەی کە ناویان لێی گەڕاوەتەوە، بۆ ئەوەی مامەڵەی خۆتۆمارکردن ئەنجام بدەن.

بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون وتیشی، لە ئایندەیەکی نزیکدا ناوی ئەو دەرچوانەش ڕادەگەیەنرێت کە لە ڕێگەی فۆڕمی ڕاستەوخۆ داواکارییان پێشکەش کردبو بۆ وەرگرتنیان لەو کۆلێژ و بەشانەی کورسی بەتاڵیان ماوەتەوە، زیاتر وتیشی: تایبەت بە دەرچوانی خوێندنگە کوردییەکانی ناوچە دابڕاوەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بەھەمان شێوە ناویان لە زانکۆ و پەیمانگەکانی ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی خوێندکاران و قوتابیانی ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە.