ستۆڵتنبێرگ لە سەردانەکەیدا بۆ تورکیا دەچێتە ئیستەنبوڵ و ئێوارەی ئەمڕۆ چاوی بە مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا دەکەوێت و دواتر کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی ھاوبەش ئەنجام دەدەن. 

رۆژی ھەینیش  لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و خڵوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا کۆدەبێتەوە، لە کۆبوونەوەکانیشدا میکانیزم و رێکارەکانی بە ئەندامبوونی سوید و فنلەندا لە ناتۆ و قەیرانی ئۆکراین تاوتوێ دەکەن. 

ستۆڵتنبێرگ تا رۆژی ٥ی ئەم مانگە لە تورکیا دەبێت و راشیگەیاندووە، پێشوازی لە کاری ھاوبەشی سوید و تورکیا دەکات، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری کۆبوونەوەی ئەردۆغان لەگەڵ ئۆڵڤ کریسترسون سەرۆک وەزیرانی نوێی سوید، کە بڕیارە سەردانی تورکیا بکات. 

وتیشی، دڵنیایە لەوەی لە پەرلەمانی ھەر ٣٠ دەوڵەتەکەی ئەندام لە ناتۆ، رەزامەندی لەسەر بە ئەندامبوونی سوید و فنلەندا لە ناتۆ دەدرێت، بەڵام ئەردۆغان رۆژی شەممە جارێکی تر دووپاتیکردەوە کە رێگە بە ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە نادات، ئەگەر پابەندی بەڵێنەکانیان نەبن سەبارەت بە رەواندنەوەی مەترسییە ئەمنییەکانی تورکیا.