نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پارەی گەنمی ساڵی ٢٠١٤ی جوتیاران گەیشتووە و بڕەکەی ٣٧ ملیار دینارە.

 وتیشی، بڕیاروایە ھەفتەی داھاتوو پڕۆسەی دابەشکردنی پارەکە دەستپێبکەن.

نەوزاد شێخ کامیل لەبارەی ئەوەی بۆچی بە تەنھا پارەی ساڵی ٢٠١٤ گەیشتووە، وتی، بۆئەوەی تێکەڵبوون روونەدات، تەنھا پارەی ٢٠١٤ ھاتووە و دوای تەواوکردنی پڕۆسەی دابەشکردنی پارەکە، شایستەی ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ش دەگاتە ھەرێم و ناردنی پارەکەش ھیچ کێشەیەکی سیاسی و تەکنیکنی نییە.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لەبارەی پشکی پارێزگاکانیش رایگەیاند، لەو ٣٧ ملیار دینارەی ساڵی ٢٠١٤، زیاتر لە ١١ ملیاری پشکی پارێزگای ھەولێر و زیاتر لە ١١ ملیاری پشکی پارێزگای سلێمانی و زیاتر لە ١٢ ملیاریش پشکی پارێزگای دھۆکە.