سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان: یەکێتیی ژنانی کوردستان سەرمەشق و پێشەنگـ بووە
کوردسات نیوز
٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
دەقی پەیامەکە...
بەبۆنەی (٣٣) ھەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ژنانی کوردستان، جوانترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی ژنانی کوردستان دەکەم، ھیواخوازم ئەم یادە شکۆمەندە ببێتە مایەی بەدیھاتنی سەرجەم خواست و داخوازییە ڕەواکانی ژنان و سەرکەوتنی ئەو پلان و ئامانجە ستراتیژییانەی کە بەدرێژایی سی و سێ ساڵ لەپێناویدا تێکۆشاوە.
یەکێتیی ژنانی کوردستان، ھەر لەسەرەتاوە وەک ڕێکخراوێکی بوێر و ڕەچەشکێن، لە ھەوڵی یەکخستنی تواناکان و سەلماندنی ڕۆڵ و پێگەی ژن لە کۆمەڵگەدا و ھێنانەپێشەوەیان لە کۆڕی خەبات و تێکۆشانی شارستانییانە و بەشداریپێکردنیان لە پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردندا سەرمەشق و پێشەنگ بووە. پێگەیاندنی دەیان ژنی سەرکردە لە ڕیزەکانی ئەم ڕێکخراوەدا گەواھیدەری مێژووی پڕ سەروەریی یەکێتیی ژنانی کوردستانە.
ئومێدەوارم ھەمیشە لە پێشەنگیدا بمێننەوە بۆ خزمەتکردنی زیاتری دۆزی ڕەوای ژنان و بەدیھێنانی سەرجەم ئامەنجەکان.
د. ڕێواز فائق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان