سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی: کێ دزە و کێش بازاڕەکەی شێواندوە؟!!
کوردسات نیوز
٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
دەقی راگەیەندراوەکە:
کێ دزە و کێش بازاڕەکەی شێواندوە؟!!
ھەر کات یەکێتی دەیەوێ، ئەو بارە لارەی حوکمڕانی ھەرێمی کوردستان ڕێک بکاتەوە.. ھەرکاتێک دەمانەوێ کۆسپێک بخەینە بەردەم ماشێنی گەورەکراوی تاکڕەوی لە کوردستان، لێرە و لەوێ دەنگی ناجۆر و ناساز دەیانەوێ ئاسۆی بینین لێڵ بکەن و بە مەبەستیش ئاوەکە لێڵ دەکەن تا بەو جۆرە ماسی مەرامەکانی خۆیانی تیا ڕاوبکەن!!
بەڵێ کوردستان پێویستی بە حوکمڕانیەکی تەندروستە، حوکمڕانی تەندروستیش پێویستە رێگری لە مافیا بکات، کە داھاتی ئەم میللەتە دەدزێت.
گەورەترین داھاتی ھەرێمی کوردستان ، داھاتی نەوتە، کە ئێستا رۆژانە (٦٠٠.٠٠٠) شەش سەد ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات، بێ ئەوەی حکومەت و پەرلەمان و خەڵکیش لە چەند و چۆن و چی، بپرسن!!!
ئەگەر حکومەتی تەندروست ھەیە، رۆژانە لە کێڵگەی ھاڤانا لەژێر دەستی کۆمپانیای کار، ١٧٥٠٠٠ بەرمیل نەوت بەرھەم دێت، کێ ئاگاداری ئەو داھاتەیە؟
بۆ گیرفانی کێ دەچێت؟؟
ئەوەی پێی وایە ئەم حکومەتە تەندروست و رەشیدە، با بفەرموێ تەنیا پرسیار بکات، ئەو کات دەبینێ چۆن ووشەی حکومەت و نەوتیش لە فەرھەنگ و یادەوەریدا بۆ دەسڕەنەوە!!
حکومەتی دروست و رەشید، ئەو حکومەتەیە کە کارنامەی خۆی جێبەجێ دەکات، ئەو بەڵێنە بەجێدەھێنێ کە بە خەڵکی داوە، کامە بەڵێنی حکومەت و کامە بەرنامەی بەجێھێنراوە؟؟!
ئەم کابینەیەی حکومەت لە ساڵی ٢٠١٩دا بە رێکەوتنی پارتی و یەکێتی و گۆڕان دروست بوە، یەکێک لە خاڵە ھەرە گرنگ و گەوھەریەکانی کە پێویست بوو ئەم حکومەتە جێبەجێی بکات، ھەموار کردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن بوو بە سازانی نێوان ھێزە سیاسیەکان.!!
کێ ئەو سازانەی رەت کردەوە، ھۆکارەکەشی چی یە؟
تۆ بڵێی حزبێک لەناوخۆی خۆیدا ناڵەی ساختەکاری لە ئەندامەکانی ھەستێت، بتوانێ مل بە سازان بدات لەسەر یاسای ھەڵبژاردن ئەگەر ڕێگری بکات لە تەزویر و یاری کردن بەدەنگ و باڵادەستی نیازی ساختەکاری و دەنگ دزین؟
حکومەتی ھەرێم، ھەرێمی کوردستان، تاپۆی ھیچ حزب و ھیچ سیاسیەک نیە تا بڕیاری لەسەر بدات کێ جێی دەبێتەوە تیایدا و کێ جێی نابێتەوە.. ئەگەریش خاوەنداریەکەشی یەکلا بکرێتەوە، بە مێژوو دیارە کێ خاوەنی قوربانی و خەباتە بۆ بەدیھێنانی ئەم حکومەت و دەسەڵات و ئەم ئێستایەی کە دز خەریکی نەک شێواندنی بازاڕە، بەڵکو بازاڕی ھەر نەھێشتوە و مەکۆکەی خۆی وەک بازاڕ پیشانی خەڵک دەدات.
ئێمە بەردەوامین لەسەر ھەوڵەکانمان بۆ بەدیھێنانی شەفافیەت لە داھاتی نەوت و گشت داھاتەکانی دیکە.
بەردەوام دەبین لەسەر روبەروبونەوەی قۆرخکاری و ستەم کردن لە ناوچەکانی کوردستان و پیادە کردنی سیاسەتی ھەڵاوێرد کردن و دروست کردنی ناکۆکی و کینە لەنێوان شارەکاندا، لەرێگەی خزمەت کردن بە شارێک و فەرامۆش کردنی ئەوی دیکە، چونکە پێمان وایە لە خانەقین تا زاخۆ، ھەمووی وەک یەک مافی لەلای حکومەتە و حکومەت ئەرکێتی خزمەتیان بکات.
بەردەوام و سور دەبین لەسەر ھەڵوێستی نەگۆڕمان بۆ ھھەموار کردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەی بەو جۆرەی کە لەگەڵ بنەما دیموکراسیەکان و پێوەرەکانی بەدیھێنانی ھەڵبژاردنێکی دیموکراتیانە و بێگەرد دەگونجێت، نەک یاساکە کە لەگەڵ ویست و ئارەزوی دزینی دەنگ و شێوێنەرەکانی ئەزمونی حوکمڕانی، بگونجێت.
ئەوەی کە دزە ئەوەیە کە گەورەترین داھاتی ئەم میللەتە کە داھاتی نەوتە،لەژێر پەردە دەشارێتەوە و لەژێر لێویشەوە ئاشکرا ناکات.
ئەوەی بازاڕی شێواویشی دەوێت، ئەوانەن کە دەیانەوێ بۆ برەودان بە دزینی بازاڕ، ئیرادە و دەنگی خەڵکیش لە ھەڵبژاردندا بدزن تا ئەو بازاڕەی ئێستایان ھەر بەردەوام بێت!!
زیاد جەبار
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان